«مادرم به بهشت می رود»
دایکم..
نوێژ دەکات..
تا،تڕومبێلی کوڕەکانی وەرنەگەڕین.
تا جەرگی نەسووتێ
تا رۆڵەکانی ئیفلیج نەبن.
دایکم ..
بەرۆژوو دەبێت..
دوعا دەکات ، زاواکانی واز لەمەیخانە بهێنن.
کاخەزی قومار بسووتێنن
روو بکەنە ماڵی خودا.
دایکم..
دەچێ بۆ حەج..
بەرد دەگرێتە شەیتان، نێوچاوانیی خوێناوی دەکات.
بەردەڕەش ماچ دەکات
تا، کچەکانی بەدبەخت نەبن.
دایکم ..
زەکات دەبەخشێت..
بەدزییەوە دەستی خەلک دەگرێت
تا، شێرپەنجە؛
دەست لە مەمکی بووکە نازدارەکانی،
هەڵگرێت.
دایکم ..
دەچێتە سەر مەزار..
پەڕۆی کەسک،
لەنێوچاوانی کێلەکان گری دەدات.
تا، خوشکەزاکانی نەزۆک نەبن
تا، برازاکانی کوڕیان ببێت.
دایکم ..
لەشەوی لیلة القدردا ، ناخەوێ.
بەڵكو، مشتێک لەنووری خودای بەرکەوێ
تا بەم نوورە،
' بودا ' ئاشت کاتەوە لەگەڵ 'محەمەد'
' زەردەشت ' دەستکاتەوە ملی 'موسا'
بەو نوورە،
کڵێساکان پاک کاتەوە لە خوێنی عیسا.
دایکم..
بەدەم تەسبیحاتەوە؛
لەسەر بەرماڵەکە خورییەکەی، خەوی لێ دەکەوێ.
دایکم پێغەمبەری ، لەهەموو منداڵەکانی خۆی ،
خۆشتر دەوێ.
ئەوە من نیم ، دایکمە
گەر بۆی بلوێ،
ناوی هەموو کوڕەکانی دەنێ محەمەد
ناوی هەموو کچەکانی فاتیمە.
دایکم..
یەکە یەکە ، کوڕەکانی مردن
زاواکانی پێکییان پڕ کردن لە کوفر
شێرپەنجە ،
سینگی بووکەکانی تژی کردن ،
لە کرم.
دایکم..
برازاکانی وەجاخ کوێر
خوشکەزاکانی نەزۆک
کچەکانی بەد بەخت
پێغەمبەرەکانی خوێنرێژ.
دایکم ..
هەموو سبحەینەیەک دەچێتە بەهەشت.
تەنیا خۆی ، خۆی و بەس
ئێمە لەوی نین
کەس مان
کەس.
خۆی و
بەس.
منبع:پژواک ایران